نوێترین بابه‌ت
recent

چەند ڕێگایەک بۆ خێراکردنەوەی ئایفۆنە کۆنەکان لە سیستمە نوێکەیدا


دوای ئەوەی کۆمپانیای ئەپڵ سیستمی نوێی بۆ مۆبایل و تابلێتەکانی بەناوی ئای ئۆ ئێس ١٠ ڕاگەیاند، ژمارەیەک لە بەکارهێنەرانی ئایفۆنە کۆنەکان، کە ئەم سیستمە نوێیە بەکاردەهێنن مۆبایلەکانیان خاوبوونەوە.
سەرچاوە تەکنەلۆژییەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەم خاوبوونەوەیە چەند ڕێنماییەکیان بڵاوکردووەتەوە، کە ئەمانەی خۆارەوە ژمارەیەکیانن:

ناوەڕۆک و ئەپە ناپێویستەکان بسڕەوە
سڕینەوەی وێنە و ڤیدیۆ یان ئەو ئەپانەی سەر مۆبایلەکەت کە بەکاریان ناهێنیت بۆشاییەکی زۆرت بۆ دەگەڕێنێتەوە. ئەمەش کاریگەری هەیە لەسەر خێراترکردنی ئایفۆنەکەت.

بۆ ئەوەی بزانیت کە چەندە بۆشایی بەتاڵ لە ئایفۆنەکەتدا هەیە پەنجە بەم بەشانەدا بنێ: 
Settings > General > Storage & iCloud Usage

نوێکردنەوەی خۆکاری ئەپەکان ڕابگرە
ئەم سیستمە نوێیە هاوشێوەی سیستمەکانی پێشوو هاوکات لەکاتی بەکارهێنانی مۆبایلەکەدا ئەپەکان نوێ دەکاتەوە. ئەم پرۆسەیە فشارێکی زیاتر دەخاتە سەر پرۆسێسەری مۆبایلەکەو وادەکات باتری مۆبایلەکە زووتر پێویستی بە بارگاوی کردنەوە بێت.

بۆ ئەوەی کە ئەم پرۆسەیە ڕابگریت و بە ویستی خۆت ئەپەکان نوێ بکەیتەوە پەنجە بەم بەشانەدا بنێ:
Settings > iTunes & App Store

نوێبوونەوەی خۆکاری ناوەڕۆکی ئەپەکان ڕابگرە
لە کاتی بەکارهێنانی ئایفۆنەکەتدا زۆربەی ئەپەکانی وەکو فەیسبووک و تویتەر ناوەڕۆکەکانیان بەشێوەیەکی نوێ دەبێتەوە، تەنانەت ئەگەر ئەپەکان لەپێش چاویشدا نەبن. ئەم پرۆسەیەش کاریگەری لەسەر پرۆسێسەر هەیە و زیاتر سەرقاڵی دەکات.

بۆ ئەوەی کە ئەم کردارە خۆکارە ڕابگریت و تەنها لە کاتی کردنەوەی ئەپەکاندا ناوەڕۆکەکان نوێ ببنەوە پەنجە بەم بەشانەدا بنێ:
Settings > General > Background App Refresh

جوڵە و شێوە سەرنج ڕاکێشەکان کەم بکەرەوە
بۆ ئەوەی کە شێوەیەکی جوانتر و ئەزموونێکی باشتر دەربکەوێت، کۆمپانیای ئەپڵ شێواز و جوڵەی سەرنجڕاکێشی بۆ بەشە جیاوازەکانی ئایفۆن داناوە. وەکو ئەوەی کە هەندێجار هەست بە قووڵی وێنەکان دەکەیت یاخود پشتەوەی بەشەکان بە ناڕوونی لە بەشەکانی پێشەوەدا دەردەکەون.

ئەم تایبەتمەندییانە ئەزموونێکی ناوازە دەدەن بە بەکارهێنانی مۆبایلەکە، بەڵام ئەگەر ئایفۆنەکەت خاو بێت ئەوا جووڵەکان پچڕپچڕ دەبن و سەرەڕای خاوبوونەوەی زیاتری مۆبایلەکە کاریگەری لەسەر ئەزمونی بەکارهێنانیش بەجێدەهێڵێت.

بۆ ئەوەی کە ئەم تایبەتمەندییانە لەکاربخەیت یان کەمیان بکەیتەوە پەنجە بەم بەشانەدا بنێ و تایبەتمەندییەکان دەستکاری بکە:
Settings > General > Accessibility

ئاگات لەو ئەپانە بێت کە چاودێری شوێنەکەت دەکەن
خزمەتگوزاری دیاریکردنی شوێنەکەت هێندەی کاریگەری لەسەر باتری دادەنێن ئەوەندە لە خێرایی ئایفۆنەکەت کەم ناکەنەوە. ئەگەر لەگەڵ ئەم سیستمە نوێیەدا باتری ئایفۆنەکەت زیاتر پێویستی بە بارگاوی کردنەوە هەیە، ئەوا ئەم تایبەتمەندییە بۆ ژمارەیەک لە ئەپەکان ڕابگرە.

لەوانەیە پێویست نەکات بەتەواوی تایبەتمەندی دیاریکردنی شوێن ڕابگریت، چونکە ژمارەیەک لە ئەپەکانی وەکو ئەپی ماپس (یان نەخشەکان) پشت بەم تایبەتمەندییە دەبەستن. بەڵام دەتوانیت هەندێک لەو ئەپانەی کە هەمووکات داوای شوێنەکەت دەکەن سنووردار بکەیت بۆ تەنها ئەو کاتانەی کە ئەپەکان دەکەیتەوە.

بۆ دەستکاریکردن و گۆڕینی تایبەتمەندی دیاری کردنی شوێن بۆ ئەپەکان پەنجە بەم بەشانەدا بنێ:
Settings > Privacy > Location Services

دوبارە هەڵکردنەوەش چارەسەرە
ئەگەر هیچ شتێک سوودی نەبوو، ئەوا هەمیشە دەتوانیت هەڵکردنەوەی مۆبایلەکەت تاقیبکەیتەوە. دوای کارکردنی بەردەوام بۆ ماوەی چەند ڕۆژ یان چەند هەفتەیەک باشتر وایە ناوبڕێک بدەیتە مۆبایلەکەت و بیکوژێنیتەوە چونکە هەندێجار کوژاندنەوەی مۆبایل جارێکیتر گیانی بە بەردا دەکاتەوە.
salam kalary

salam kalary

No comments:

Post a Comment

Powered by Blogger.