زۆر لە باوکان و دایکان بۆ هێورکردنەوەی منداڵەکانیان مۆبایل یان ئایپاد دەخەنە بەردەستیان. توێژینەوەیەکی زانستی نوێش پاڵپشتی لەم کارە دەکات.
توێژینەوەکە دەریخستووە کە بەکارهێنانی ئایپاد پێش نەشتەرگەری لە لایەن منداڵانەوە کاریگەری باشی هەیە بۆ هێورکردنەوەیان هاوشێوەی ئەوەی کە دەرمانی سڕکردنیان پێبدرێت.
ئەنجامی توێژینەوەکە لە کۆنفرانسی جیهانی پسپۆڕانی سڕکردندا خراوەتەڕوو کە لە هۆنگ کۆنگ ئەنجامدراوە. لە توێژینەوەکەدا کاریگەری بەکارهێنانی ئایپاد بەراورد کراوە لەگەڵ بەکارهێنانی میدازۆلام کە دەرمانێکی سڕکردنە بۆ کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێی منداڵان لە پێش نەشتەرگەریدا.
منداڵەکان ڕێگەیان پێدراوە بۆ ماوەی ٢٠ خۆلەک پێش نەشتەرگەرییەکە یاری بە ئایپاد بکەن وەکو یاری ئەنگری بێرد و مۆنستەر داش. لە ئەنجامدا بۆیان دەرکەوتووە کە بەکارهێنانی ئایپاد هەمان ڕۆڵی بەکارهێنانی دەرمانی سڕکردنی هەیە بۆ نەهێشتنی دڵەڕاوکێی پێش نەشتەرگەری.
بۆ ئەم مەبەستەش لە چەند کاتێکی جیاوازی ڕۆژی نەشتەرگەرییەکەدا هەڵسەنگاندنیان بۆ دۆخی منداڵەکان کردووە.
توێژینەوەکە لەسەر ژمارەیەکی کەم لە منداڵان ئەنجام دراوە کە ١١٢ منداڵ بوون. بەڵام بە پێی سەرچاوەکان ئەمە لە گرنگی ئەنجامەکان کەم ناکاتەوە و دەشوترێت لە ئێستادا ژمارەیەک نەخۆشخانە یارییە ئەلیکترۆنییەکان لەبری ئازارشکێن بۆ منداڵان بەکاردەهێنن.
No comments:
Post a Comment