نوێترین بابه‌ت
recent

هەموو شتێک دەربارەی وەشانی نوێی ئەندرۆید بەناوی Android N




هەموو شتێک دەربارەی وەشانی نوێی ئەندرۆید بەناوی Android N


دوای وەشاندنی ٦ وەشانی جۆراوجۆر و جیاواز لە لایەن گوگڵەوە، ئەمجارەیان گوگڵ پێی نایە وەشاندنی حەوتەمین نەوەی وەشانەکانی سیستمی وەگەرخەڕی ئەندرۆید. وەشانی حەوتەمی ئەندرۆید ناسراوە بە (Android N) ، بێگومان ئەمە کورتکراوەی ئەم وەشانەی ئەندرۆیدە، هەر وەکو وەشانی شەشەمینی ئەندرۆید کە (Android M) بوو ، بەڵام دواتر درێژ کرایەوە و بە فەرمی ناونرا (Android Marshmallow) . ئێستاش بە هەمان شێوەی وەشانی پێشوو، گوگڵ خەریکی ناونانی ئەو وەشانە نوێیەیە لە ڕێگای ئەنجامدانی چەند ڕاپرسییەک بۆ گەشەپێدەران و ئەندامانی. گوگڵ لە ڕاپرسیەکەیدا دوو پرسیاری کردووە، پرسیاری یەکەمیان بریتیە لە نووسینی “خواردنێکی خۆش” کە بە پیتی “N” دەست پێ بکات. لە پرسیاری دووەمیشدا گوگڵ داوادەکات لە نێو چەند ناوێکدا یەکێکیان هەڵبژێریت بۆ ئەوەی بە فەرمی وەکو ناوی وەشانی حەوتەم بناسێنرێت.


لە سەرەتاکانی ئەم مانگەدا گوگڵ یەکەمین وەشانی تایبەت بە گەشەپێدەران بڵاوکردەوە، بێگومان ئەمە یەکەم وەشانە و هەموو تایبەتمەندیەکان تیایدا بەردەست نەکراوە، بەڵکو تەنها بۆ تاقیکردنەوەیە و جارێ لەژێر چاودێری دایە.


کاتی دەرچوونی فەرمیAnrdoid N

گوگڵ ساڵانە کۆنگرەیەک بۆ گەشەپێدەرانی دەبەستێت، لەو کۆنگرەیەدا چەند وەشانێکی تری تاقیکاری بڵاودەکرێتەوە. بڕیار وایە ئەمساڵیش لە ڕۆژی ١٨ ی مانگی ٥ ـدا گوگڵ کۆنگرەیەک ئەنجام بدات، بێگومان لەو کۆنگرەیەدا تەنها باس لە چەند تایبەتمەندیەکی وەشانی Android N دەکرێت لەگەڵ بڵاوکردنەوەی وەشانێکی تری تاقیکاری. بەپێی وتەی گوگڵ وەشانی فەرمی و تەواوی Android N لە چارەگی سێیەمی ئەمساڵدا بڵاو دەکرێتەوە، واتا پێدەچێت لە نێوان مانگەکانی حەوت و هەشت و نۆی ئەمساڵدا بڵاوبکرێتەوە. پێش بڵاوبوونەوەی فەرمیش، چەند وەشانێکی تاقیکاری بڵاودەکرێتەوە کە بەچەند قۆناغێکدا دەڕوات و لە وێنەی خوارەوەدا ئاماژەی پێ کراوە.

سەرەڕای ئەوەی هێشتا وەشانێکی تەواو و پێشکەوتوو لە Android N بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام ئێمە لەم بابەتەدا هەموو ئەو تایبەتمەندییانەی کە بە فەرمی بەردەست کراون لە وەشانە تاقیکارییەکە و ئەوانەی کە پێشبینی دەکرێت بەردەست بکرێت ئاماژەی پێ دەدەین، سەرەتا باس لەو تایبەتمەندییانە دەکەین کە بەفەرمی لەلایەن کۆمپانیای گوگڵەوە بۆ وەشانی Android N بەردەست کراون، واتا ئەوانە تایبەتمەندی سەرەکی و فەرمی دەبن لە وەشانەکەدا.


تایبەتمەندییە فەرمییەکانیAndroid N

دوو پەنجەرە (Multi-Window)


یەکەمین تایبەتمەندی ڕاگەیەندراو و فەرمی لە وەشانی تاقیکاری ئەندرۆید، تایبەتمەندی بوونی دوو پەنجەرەیە (Multi-Window). لە وەشانی تاقیکاری یەکەمدا بە وتەی ئەو گەشەپێدەرانەی کە بەکاریان هێناوە دەتوانرێت لە یەک کاتدا دوو بەرنامە بەکاربهێنرێت ئەمەش بەهۆی جیاکەرەوەی شاشە (Split Screen) .

بۆ بەکارهێنانی ئەو تایبەتمەندیە دەبێت ئەو دوو بەرنامەی کە لە هەمان کاتدا بەکاریان دێنیت پاڵپشتی دۆخی جیاکردنەوەی شاشە (Split Screen) بکات، بەمەش سیستمەکە خۆی هەڵدەستێت بە گونجاندنی قەبارەی بەرنامەکان. هەروەها دەتوانیت قەبارەی بەرنامەکان بەپێی ئارەزووی خۆت بگۆڕیت بەڵام سنوورێکی بۆ دانراوە و ناتوانرێت بکرێت بە قەبارەیەکی زۆر کەم.

جگە لەمانەش دەتوانرێت لەهەمان کاتدا وێنەیەک بکرێتەوە و کار بە بەرنامەیەکی تر بکرێت (picture-in-picture) .


پشتگیریکردنی باشتر بۆ تابلێتەکان

جگە لەوەی تایبەتمەندی (Multi-Window) پشتگیرییەکی باشی تابلێتەکان دەکات و بە تەواوی گونجێنراوە، بڕیارە کارێکی زیاتر بکرێت بۆ ئەو تابلێتانەی کە کار بە Android N دەکەن، ئەمەش بەهۆی گونجاندنی ڕووبەری بەرنامەکان و دانانی چەند بەرنامەیەکی تایبەت بە تابلێتەکان، گۆڕینی ڕووکاری دەرەوەی سیستم بەشێوەیەک کە جیاواز بێت لە مۆبایلەکان.

ڕووکارێکی نوێ و گۆڕانکاری لە ڕێکخستنی سیستەم (Settings)

یەکێکی تر لە تایبەتمەندیەکانی Android N، بریتیە لە گۆڕانکاری لە ڕووکاری دەرەوەی (Settings)ـی سیستمەکە و هەروەها زیادکردنی چەند هەڵبژاردەیەک و سڕینەوەی هەڵبژاردە بێسوودەکان. گرنگترین گۆڕانکارییەکان بریتین لە زیادکردنی زانیاری بۆ هەر بەشێک لە هەڵبژاردەکان، و هەردوو هەڵبژاردەی ڕێکخستنی دەنگ و ئاگانامەکان جیاکراونەتەوە کە لە وەشانەکانی پێشوودا بەیەکەوە بوون. هەروەها لیستی hamburger گەڕاوەتەوە کە لە چەند وەشانێکی کۆندا بوونی هەبوو، لیستەکە دەتوانرێت لە کاتێکدا بەکاربهێنرێت کە لە ناو یەکێک لە لیستەکانی (Settings) بیت و پێویستت بێت بگەڕێیتەوە شوێنی سەرەکی ڕێکخستن، لە جێگای ئەوەی کە دوگمەی گەڕانەوە دابگریت، دەتوانیت تەنها بە جوڵاندنی دەستت بەرەو ڕاستی شاشەکە ئەو لیستە بەکاربهێنیت، دەتوانیت ئەو گۆڕانکارییانەی کە ئاماژەمان پێدا لەم دوو وێنەیەدا بیبینیت.



دۆخی پاشەکەوتکردنی وزە

ئەو تایبەتمەندییە بەسوودەی کە لە وەشانی ئەندرۆید مارشمالۆو بەردەست کرابوو، زۆرێک لە بەکارهێنەران بەدڵیان بوو، هەر بۆیە بڕیاردرا ئەو تایبەتمەندییە لە ئەندرۆید ئێن’ـیش بەردەست بکرێت. چەند گۆڕانکارییەک کراوە لەو تایبەتمەندییە بە بەراورد لەگەڵ وەشانی پێشوو، دۆخی پاشەکەوتکردنی وزە کە بە (Doze Mode) ناسراوە پشتگیری لە دوو جۆری پاشەکەوتکردنی تەمەنی پاتری دەکات، جۆری یەکەمیان هەڵدەستێت بە کوژاندنەوەیەکی کەمی مۆبایلەکە بە شێوەیەکی خۆکارانە کاتێک کار بە مۆبایلەکە ناکرێت. جۆری دووەمیشیان بریتیە لە پاراستنی تەمەنی پاتری مۆبایلەکە کاتێک کاری پێدەکرێت و هەڵدەستێت بە داخستنی بەرنامە بێسوود و بەفیڕۆدەرەکان.

شێوەی نوێی ڕێکخستنی خێرا و ئاگانامەکان




چەند گۆڕانکارییەک لە پانێڵی ڕێکخستنی خێرا (Quick Settings) کراوە، بەتایبەت لە شێوەکەی. لەبەر ئەوەی گۆڕانکاریەکی زۆر لە پانێڵی ڕێکخستنی خێرای وەشانی مارشماڵۆو نەکرا، پێدەچێت گوگڵ گۆڕانکاریەکی زۆر لەم وەشانەدا بکات لە ڕووی ڕێکخستنی خێراوە. گۆڕانکارییەکان بریتین لە گۆڕینی شێوەی هاتنی ئاگانامە (Notification)، شێوەی دووگمەکان و ڕەنگ. دەتوانیت دەستکاری ئەو دوگمانە بکەیت کە لە پانێڵەکەدا دەردەکەون و ڕێکیان بخەیت، هەروەها ئەگەر (System Tuner) ــت هەڵگیرساندبێت ئەوا دەتوانیت سوود لە چەند تایبەتمەندییەکی تر لە پانێڵەکە وەرگریت وەک هەڵگیرساندنی دۆخی شەو (Night Mode) .


هەروەها جگە لە پانێڵی ڕێکخستنی خێرا، پانێڵی ئاگانامەکان جیاکراوەتەوە و چەند گۆڕانکارییەکی تێدا کراوە. زیاتر شێوەیەکی فلاتی پێ دراوە، هەروەها ئایکۆنی ئەو بەرنامەیە پێشان دەدات کە ئاگانامەکەی لێیەوە دێت و دەتوانرێت ئاگانامەکان بە گرووپ بکرێت.

گۆڕینی قەبارەی شاشە

Android N ڕێگەت پێدەدات بە گۆڕینی قەبارەی شاشەکە، لەوانەیە زۆرجار کێشەت هەبێت کە ناوەڕۆکی بەرنامەیەک بە تەواوی لەسەر شاشەکەت نابینیت، بەڵام لەڕێگای ئەم تایبەتمەندییەوە دەتوانیت بچووکی بکەیتەوە، بەهەمان شێوەش دەتوانیت قەبارەی شاشە گەورە بکەیت.

لیستی دوایین بەرنامەکان

کاتێک دوگمەی لیستی دوایین بەرنامەکان (Recent Apps) دادەگریت، ئەو بەرنامانەت بۆ دەهێنێت کە تۆ دوایین جار کردۆتتەوە بەبێ ئەوەی دایبخەیتەوە. لە Android N ــدا ئەم لیستە زۆر خێراتر کراوە بە بەراورد بە وەشانەکانی پێشوو، خێرا کراوە و هەروەها دەتوانرێت بەبێ ئەوەی بکرێتەوە بەرنامەیەک بگۆردرێت بە بەرنامەیەکی تر لە لیستەکەدا.



دۆخی تاریکی

لە ئەندرۆید ئێن’ـدا تایبەتمەندی دۆخی تاریکی یاخود دۆخی شەو (Night Mode) بەردەست کراوە،کە دەتوانرێت دەستکاری چەند ڕێکخستنێکی دۆخەکە بکرێت و ڕووناکی شاشەکە بگۆڕدرێت، هەروەها گۆڕینی ڕەنگەکانی شاشەکە بۆ زیاتر پاراستنی چاو.

بلۆککردنی ژمارەکان و وەستاندنی تەلەفۆنکردن

دەتوانرێت لە Android N ـدا ژمارە ناحەز و بێزارکەرەکان بەست بکرێن واتە بلۆک بکرێن، ئەمەش بە بەرچاوڕوونی و ڕێکخستنێکی زیاتر. هەروەها دەتوانرێت مۆبایلەکە بکرێتە دۆخێکەوە کە نەتوانرێت تەلەفۆنی بۆ بێت، یاخود وەستاندنی ژماردنی ئەو تەلەفۆنانەی کە بە مۆبایلەکە دەکرێن.

دانانی زانیاری بۆ باری لەناکاو

لەوانەیە زۆرجار تووشی بارێکی ناخۆش ببیت و بتەوێت کەسێک یارمەتیت بدات و بتگەیەنێت بە نەخۆشخانەیەک لەڕێگای مۆبایلەکەتەوە، Android N سوودێکی زۆری دەبێت بۆ ئەم بارە لەناکاوە و تۆ دەتوانیت زانیاری کەسی خۆت بنووسیت بۆ مەبەستی سوود لێ وەرگرتنی لەکاتی باری لەناکاو، وەک دانانی ناوی تەواو و ناونیشانی خۆت وبەرواری لەدایکبوون و جۆری خوێن و چەند شتێکی تر.


تایبەتمەندییە پێشبینیکراوەکانی Android N

شێوەی جێگیری بەرنامەکان و ڕیزبوونیان

لە چەند وەشانێکی پێشوودا دەتوانرا شێوەی بەرنامۆکەکان (Widgets) بگۆڕدرێت بەپێی ئارەزووی بەکارهێنەر،بەڵام پێدەچێت لە وەشانی Android N ـدا ئەم تایبەتمەندییە نەمێنێت. بەواتای ئەوەی کە بەکارهێنەر ناتوانێت بە ئارەزووی خۆی چۆنیەتی ڕیزبوونی بەرنامۆکەکان و شێوەکانیان بگۆڕێت. کەواتە لەوانەیە لەم وەشانەدا (App Drawer) نەمێنێت و نەتوانرێت شێوەکان بە ئارەزووی بەکارهێنەر بگۆڕدرێت

بەرنامەیەکی نوێ بۆ کورتە پەیامەکان

پێدەچێت لەم وەشانەدا بەرنامەیەکی تر دروست بکرێت لە جێگای بەرنامەی ئاڵوگۆڕکردنی پەیامە کورتەکان (Messages) ، چاککاری دەکرێت لە بەرنامە نوێیەکەدا و لەوانەیە چەند تایبەتمەندییەکی نوێی تێدا زیاد بکرێت کە زیاتر پشتگیری تۆڕی ئینتەرنێت بکات.

قفڵی زیرەک

دەتوانیت تایبەتمەندی قوفڵی زیرەک (Smart Lock) بەکاربێنیت بۆ کردنەوەی هەژمارەکانت لە گوگڵەوە بۆ بەرنامەکانی تر، ئەمەش بەسوودە بۆ ئەو بەرنامانەی کە داوای تۆماربوونت لێدەکات.

–ئەمە هەموو ئەو تایبەتمەندیانەن کە لە پێگەکان ئاماژەیان پێکراوە و هەروەها گەشەپێدەران و ئەو کەسانەی کە وەشانە تاقیکارییەکەیان بەکارهێناوە باسی لێوە کراوە، ئەم بابەتە بەردەوام نوێ دەکرێتەوە لەگەڵ زانینی هەر تایبەتمەندیەکی نوێی وەشانەکان تا کاتی دەرچوونی فەرمی Android N

salam kalary

salam kalary

No comments:

Post a Comment

Powered by Blogger.