پڕۆگرامێك بۆ ناسینەوەی دەمووچاوی ملیۆنەها كەس
پڕۆگرامێك بۆ ناسینەوەی دەمووچاوی ملیۆنەها كەس
دەزگای لێكۆڵینەوەی فیدڕاڵی ئەمریكا(ئێف بی ئای) پڕۆگرامێكی ناسینەوەی دەمووچاوی هەیە كە توانای ناسینەوەی زیاتر لە 400 ملیۆن وێنەی دەمووچاوی هەیە لەناویشیاندا وێنەی سەر پاسپۆرت، ڤیزاو مۆڵەتی شۆفێری.
بە گوێرەی هەواڵێكی سی ئێن ئێن دوێنێ ئۆفیسی چاودێریو لێپێچینەوەی حكومەتی ئەمریكا ڕاپۆرتێكی نوێی سەبارەت بە پڕۆگرامێكی ناسینەوەی دەمووچاو بڵاوكردووەتەوە كە هی (ئێف بی ئای)یە.
لە ڕاپۆرتەكەدا ڕەخنەیەكی زۆر ئاراستەی ئەو دەزگایە كراوە، چونكە زانیاری پێویستیان بۆ ڕای گشتی ئاشكرا نەكردووە، كە ئەوەش لەگەڵ یاسای تایبەتی فیدراڵی ساڵی 1974 یەك ناگرێتەوە، هەروەها دەشڵێن ئەو سیستمە بەشێوەیەكی چالاك تاقی نەكراوەتەوە تابزانرێت ئەنجامەكانی ڕاستو دروستن.
باس لەوەشكراوە لەناو پۆلیسی فیدڕاڵیدا یەكەیەك بۆ شیكردنەوە، هەڵسەنگاندنو بەراوردكردنی دەمووچاوەكان بوونی هەیەو لەناو داتابەیسێكیشدا نزیكەی 30 ملیۆن وێنەی كەسانی مەدەنی پارێزراوە.
لەو داتابەیسەدا وێنەی پاسپۆرت، ڤیزا و مۆڵەتی شۆفێری هاوڵاتیانی 16 ویلایەتی ئەمریكای تێدایەو ئێف بی ئای لە دانوستاندایە بۆ ئەوەی مۆڵەت لە 18 ویلایەتی دیكە وەربگرێت بۆ هەمان مەبەست.
پڕۆگرامەكە وێنەی چاو و پەنجە مۆریش لەخۆدەگرێتو ئاژانس و دەزگاكانی دیكەش دەتوانن سوود لەو بەرنامەیە وەربگرن.
لەوەڵامی ئەو ڕاپۆرتەدا، وەزارەتی دادی ئەمریكا ئاماژەبەوە دەكات هەبوونی پڕۆگرام و داتابەیسی لەو شێوازە تەنها بۆ مەبەستی لێكۆڵینەوەیەو هیچ كەس بەهۆی ئەو وێنانەوە فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرناكرێت.
No comments:
Post a Comment